ژیاننامەی دکتۆر نجم الدین عمر کریم
دکتۆر نەجمەدین کەریم، دکتۆرا لەبواری پزیشکی، پارێزگاری کەکوک
لەدایکبوی 1949 شاری کەرکوک، خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندی لە شارەکە تەواو کردووە، پسپۆری بزیشکی لە زانکۆی موسڵ بەدەست دەهێنێت، وەک ئەندامی یەکێتی قوتابیانی کورد هەڵدەبژێردرێت.
لە ساڵی 1972 پەیوەندی بە هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە دەکات، لەساڵی 1976 دەچێتە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، پسپۆری نەخۆشیەکانی مێشک لە زانکۆی جۆرج واشنتۆن بە دەست دەهێنێت و دەبێتە مامۆستای ئکلینیکی.
دکتۆر نەجمەدین کەریم، ئەندامی دامەزرێنەری گۆنگرەی نەتەوەیی کوردە لە ئەمریکای باکور، دواتریش لە ساڵانی نیوان 1991ەوە تاکو 1999 وەک سەرۆکی گۆنگرەی نەتەوەیی کورد دەستنیشان دەکرێت، لە مانگی یۆنیۆی ساڵی 1990 ئامادەی بەردەم لیژنەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیران دەبێت بۆ گەواهی دان لەسەر تاوانەکانی سەدام حسێن، لەنێویاندا تاوانەکانی ئەنفال و بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراوی کیمیاوی.
لەلایەن زۆربەی ئەندامانی هەردوو ئەنجومەنی نوێنەران و پیرانەوە پێشوازی لێکراوەو کۆبۆتەوە.
دکتۆر نەجمەدین کەریم، یەکەمین کوردە بەرەسمی لە لایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە لە ئەبریلی 1991 پێشوازی لە لێبکرێت.
دامەزرێنەرو سەرۆکی پەیمانگای کوردیە لە واشنتۆن.
لەگەڵ لیژنەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیران و وەزارەتی دەرەوە کاری کردووە لەپێناو کردنەوەی بەشی کوردی لە دەنگی ئەمریکا.
وانەبێژی لە زۆرێک لە زانکۆکانی ئەمریکا سەبارەت بە دۆزی کورد کردووە.
زۆربەی کەناڵەکان میواندارێتی دکتۆر نەجمەدین کەریمیان کردووە و لە رۆژنامەکانی واشنتۆن تایمز و واشنتۆن پۆست و لۆس ئەنجلۆس تایمز و نیویۆرک تایمز وتاری بڵاوکردۆتەوە.
بەشداری کۆنگرەی ڤییەنا دەکات، لەو رێگەیەوە کۆنگرەی نیشتیمانی عیراقی دروست دەبێت و وەک ئەندامی کۆنگرەی گشتی هەڵدەبژێردرێت.
لە ساڵی 2002 بەشداری کۆنگرەی ئۆپۆزسیۆنی عیراقی لە لەندەن دەکات، هەروەک بە ئەندامی 65 و لیژنەی رێنماییەکان هەڵدەبژێردرێت.
لە شوباتی 2003 بەشداری کۆبوونەوەی سەڵاحەدین و لیژنەی رێنمایی ئۆپۆزسیۆنی عیراقی دەکات.
دەبێتە ئەندامی یەکەمین کۆنگرەی دوای روخانی رژێمی سەدام لە بەغداد لە نیسانی 2003.
لە ساڵی 2010 وەک ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق هەڵدەبژێردرێت، دواتریش لە 3ی نیسانی 2011 دەبێتە پارێزگاری کەرکوک.
دوای متمانە وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری، زۆرێک لە خزمەتگوزاریە بنەڕەتیەکانی بەرجەستە دەکات نمونەی کارەبا، بەو پێیەی تاکە پارێزگاری عیراقە رۆژانە 24 سەعات کارەبای هەیە، بەر لەوەی ببێتە پارێزگاریش، شارەکە رۆژانە دوو بۆ چوار سەعات کارەبای هەبوو.
لەنێوان ساڵانی 2011 تاکو 2014، زیاتر لە 325 خوێندنگە و زیاتر لە 45 کلینک و نەخۆشخانە دروست کراوە، جگە لە قیرتاوکردنی 1300 کم و دروستکردنی چەندین پرد و پارک و باخچە و پڕۆژەی ئاو و ئاودێری، هاوکات هەزاران خانووبەرە بۆ ئەو هاوڵاتیانەی لە لایەن رژێمی سەدام حسێنەوە ئاوارەبوون و گەڕاونەتەوە کەرکوک دروستکراوە.
سەبارەت بە ئەمن و ئاسایش و سەقامگیریش؛ پارێزگاری کەرکوک خەندەقێکی لەدەوروبەری کەرکوک دروست کردو بارەگای پۆلیس و گرتوخانەی پۆلیسی لەسەنتەری شارەوە گواستەوە دەرەوەی شار بۆ رێگەگرتن لە زیانگەیاندنی تیرۆریستان بە هاوڵاتیان.
بەهۆی پێشکەشکردنی ئەم خزمەتگوزاریانەو بەرەوپێشچونی شارەکە، دکتۆر نەجمەدین کەریم لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق 2014 توانی زیاتر لە 150.000 دەنگی هاوڵاتی بەدەست بهێنێت، ئەمەش زیاتر لە 50%ی سەرجەم کاندیدە براوەکانی کەرکوکە و توانی بەرزترین رێژەی دەنگی دەنگدەرانی عیراق بەدەست بهێنێت.