پارێزگارى كه‌ركوك : مانه‌وه‌ى حه‌ويجه‌ له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتى داعش دا مه‌ينه‌تييه‌كانى هاو‌ڵاتييان زياتر ده‌كات

دكتۆر (نه‌جمه‌دين كه‌ريم) پارێزگارى كه‌ركوك به‌يانى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 29-5-2017 سه‌رپه‌رشتى كۆبونه‌وه‌ى به‌ڕێوبه‌رانى فه‌رمانگه‌ خزمه‌تگوزارييه‌كانى پارێزگاى كه‌ركوكى كرد.

له‌ سه‌ره‌تاى كۆبونه‌وه‌كه‌دا پارێزگارى كه‌ركوك پيرۆزبايى هاتنى مانگى ڕه‌مه‌زانى پيرۆزى كرد له‌ هاوڵاتييان و فه‌رمانبه‌ران و كارمه‌ندانى دام و ده‌زگا ئه‌منييه‌كان و هێزى پێشمه‌رگه‌ كرد.

دكتۆر (نه‌جمه‌دين كه‌ريم) پوخته‌يه‌كى سه‌باره‌ت دوايين پێشهاته‌كان له‌ شارى موسڵ خسته‌ ڕوو له‌به‌ر ڕۆشنايى سه‌ركه‌وتنه‌ به‌رچاوه‌كانى هێزه‌ ئه‌منييه‌كان و جه‌ختى كرده‌وه‌ له‌وه‌ى مانه‌وه‌ى (حه‌ويجه‌) له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتى داعش دا مه‌ترسى دروست ده‌كات بۆ ناوچه‌ و شاره‌ هاوسنوره‌كانى وێڕاى هه‌ڵمه‌تى گرتن و بڕين و له‌سێداره‌ دانى هاوڵاتييانى بێتاوان له‌ (حه‌ويجه‌) و ده‌روربه‌ريدا له‌ لايه‌ن تيرۆريستانه‌وه‌.

پارێزگارى كه‌ركوك بارودۆخى (حه‌ويجه‌) و ده‌روبه‌رى به‌ كاره‌سات ناوبرد و داواى كرد په‌له‌ بكرێت له‌ دانانى پلانى تۆكمه‌ بۆ ئازاد كردنه‌وه‌ى ئه‌و ناوچانه‌و له‌ناودانى داعش تيايدا.

پارێزگارى كه‌ركوك وتيشى به‌ هاوكارى خێزانه‌ ئاواره‌كان تا ئێستا توانراوه‌ 150 تيرۆريست و گومانلێكراو ده‌ستگير بكرێن كه‌ خۆيان خزاندۆته‌ نێو ئاواره‌كانه‌وه‌ و هاتونه‌ته‌ سنورى كه‌ركوك .

دكتۆر (نه‌جمه‌دين كه‌ريم) ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا كه‌ حكومه‌تى ناوه‌ند به‌مه‌به‌ست شارى كه‌ركوكى په‌راوێز خستوه‌ و ئێمه‌ بژارده‌ى زۆرمان له‌ به‌رده‌م دايه‌ و ڕازى نابين كه‌ركوك بێبه‌ش بكرێت له‌ شايسته‌ دارايى و مافه‌ ياسايى و ده‌ستورييه‌كانى .

له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا ئه‌و ميكانيزمانه‌ تاووتوێكران كه‌ ده‌گيرێنه‌ به‌ر بۆ دابين كردنى خزمه‌تگوزارييه‌كانى ئاو و كاره‌با و شاره‌وانى و ته‌ندروستى بۆ هاوڵاتييان له‌به‌ر ڕۆشنايى هاتنى مانگى پيرۆزى ره‌مه‌زان و به‌رز بونه‌وه‌ى پله‌ى گه‌رما له‌م وه‌رزه‌دا.


++ --    چابکردنی بابەت